سەرەتا

دەربارەی چارەنوسی نوسین

 

تێبینی : ئەو نوسینانەی لێرەدا بڵاودەبنەوە، تەنیا موڵکی ئەم ماڵپەڕەن، جارێکی دی تکادەکەم هیچ سایت و پێگەیەکی ئەلەکترۆنی بێ پرس ئەم بابەتانە لای خۆی بڵاونەکاتەوە. 

دەربارەی چارەنوسی نوسین
سەنتەریزمی ئەخلاق یان سەنتەریزمی فیکر

بەختیار عەلی

 

یەکێک لەو دیاردە ترسناکانەی تووشی نوسینی کوردی بۆتەوە، نزیکبوونەوەی بەردەوامی چەمکی نوسینە لە چەمکی بەیاننامە. لە کولتووری سیاسی دێرینی کورددا تەنیا حیزبە گەورەکان و لە بۆنە گرنگەکاندا بەیاننامەیان بڵاودەکردەوە، ئەمڕۆ بەشی زۆری تاکەکان و نوسەران بە واجبی خۆیانی دەزانن لەسەر هەموو خاڵێک بنوسن و بەیاننامەی خۆیان هەبێت. کێشەکە لەوەدایە کە کۆی پرۆسەی نوسین، نیازی نوسین، بزوێن و مۆتیڤی پشت نوسین، ئێستا لەوەدا کورتبۆتەوە مرۆڤەکان خێرا شوناسی خۆیان دابڕێژن و هەر یارییەک لە بازاڕی سیاسەتدا گەرمە زاری خۆیانی تیاهەڵدەن. نوسین کە دەبێت بە دوودڵی و پرسیار و گومانەوە بەسترابێت، بووە بە ڕوناکییەکی ترسناک کە دەبێت ئینسانەکان ئاڕاستەی ناخی خۆیانی بکەن و لە ڕێگایەوە حەقیقەتی خۆیان پیشانی کۆمەڵگا بدەن و خۆیان بۆ ڕای گشتی ڕۆشنبکەنەوە. لە کۆمەڵگای ئێمەدا بێدەنگی بۆتە شتێکی ترسناک، وەک چۆن لە سەردەمەکانی توندڕەویی دینی و لە ڕۆژگارەکانی دیکتاتۆرییەتدا بێدەنگی و بەشداری نەکردن نیشانەی گومان بوون. ئەمڕۆ مرۆڤەکان بە جۆرێکی ترسناک خراونەتە ناو کولتووری «روناککردنەوەی ناخەوە»، هەموو دەبێت قسەبکەن بۆ ئەوەی ناخیان ببینرێت، ماراسۆنی قسەکردن و خۆڕوونکردنەوە و خۆئاشکراکردن لە ترۆپکیایەتی، گرنگترین بکەری کۆمەڵگا ئەوانەن کە زۆرترین قسەدەکەن، گرنگ نییە قسەکان دووبارە و سەدبارەن، گرنگ ئەوەیە هەموو ڕۆژێک بنوسیت و ناخی خۆت ڕوناکبکەیتەوە و پیشانی کۆمەڵگای بدەیت و پاکی و ساغی و سەلامەتیت ببینن، ببینین تۆ بە چ زمانێکی پاراو و کوردییەکی ڕەوان خۆت بەیاندەکەیت، گرنگ نییە چۆن قسەدەکەیت، گرنگ ئەوەیە خاڵێکی تاریک نەبیت، گرنگ ئەوەیە ئەوانی تر بتوانن وەک دۆست یان دوژمن سەیرتبکەن، گرنگ ئەوەیە پۆڵێن بکرێیت، لە خانەیەکدا بێت و بچێتە ژێر کاتاگۆرییەکەوە. ترسناکترین شت ئەوەیە پۆڵێن نەکرێیت. نەیاری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ناخرێتە ڕیزی دۆست یان دوژمنەوە، ئەو کاتە ئیدی هەمووان نیگا ترساوەکانیان بەرزدەکەنەوە و بە گومانەوە لە هەموو قسە و جوڵەیەکی دەڕوانن.
لە پشت ئەم هەستەوە  جۆرێکی ترسناک و نوێ لە دیسپلینی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەریهەڵداوە  کە وەک دادگا دێرینەکانی پشکنین و دادگا بەلشەفییە ترسناکەکان، مرۆڤەکان دەبێت بەردەوام لە بەردەمیاندا ناخی خۆیان ڕوناکبکەنەوە، ئەمجارەیان لە بەردەم پیاوانی کەنیسە و هاوڕێیانی حیزبدا نا، بەڵکو بە نوسینی بەردەوام و لە بەردەم هەموو کۆمەڵگادا. بە جۆرێک لەم سەردەمەدا بەشی هەرە زۆری ئەوەی پێیدەڵێن «نوسین» لە هەستکردن بە گوناهـ و لە هەوڵی دەرخستنی خود وەک خودێکی چالاک و  پاک جیانابێتەوە.  بەشی هەرە زۆی نوسینی ئێستا هەستێکی لاشعوریی قووڵی بە گونا‌‌هـ هەڵگرتووە، لەبەرئەوە زۆر بە خێرایی دەیەوێت ئیتیمای خۆی بۆ کولتووری شۆڕشگێڕانە دووپاتبکاتەوە. لەم ئاستەدا گوتاری موحافەزتکارەکان و نەیارەکانیان جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. هەموو بە ناوی ئەخلاقی شۆڕشگێڕ یان ئەخلاقی کوردایەتی شۆڕشگێڕەوە دەدوێن، چونکە بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەما کلاسیکییەکانی ئەم ئەخلاقە، چاندنی هەستی گوناهـ و ئیلتیزام کاری نەکردەیە .
ئەمڕۆ «گوناهی یەکەم» ي دینی، شێوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەرگرتووە. دین و سیاسەت ئەو هەستەیان چاندوە کە مرۆڤەکان قەرزاربارن. هەستکردن بە قەرزاباری وادەکات نوسەران لە ژێر فشاری سیاسەتی ڕۆژانەدا بنوسن، لێرەدایە دەبێت قسە لە جۆرە نوسینێک بکەین کە ئەخلاق سەنتەرەکەیەتی «ئەخلاقێک بە ڕوکەش وەک ئەخلاقێکی شۆڕشگێڕانە خۆی دەردەخات، بەڵام بە چەندین بارگەی دینی و ناسیونالیستی کۆنزەرڤاتیڤ بارکراوە». هەموو دەیانەوێت پاکی ئەخلاقی سیاسی خۆیان بسەلمێنن، رۆحی شۆڕشگێڕانەی خۆیان دووپاتبکەنەوە بەوەی خۆیان وەک «خولقێنەرێکی شۆڕشگێڕی دەوڵەتی کوردی دژ بە خائینان و جاشەکان و کوردفرۆشەکان» دەربخەن، یان بە پێچەوانەوە «بەرهەڵستکارێکی شۆڕشگێڕ و پاکی دژ بە دەسەڵاتی فاسید و زۆرداری کورد». ئەم دوو گووتارە دژ و جیاوازە لە بنەڕەتدا یەک سەرچاوەی دینی  و ئایدۆلۆژییان هەیە و دواجاریش هەمان ئەم بازنە بۆشە دروستدەکەنەوە کە ئێمە تیا ژیاوین و تیا دەژین.
ڕۆشنبیرییەک، نوسەرەکانی لە ژێر فشاری ئەخلاقی سیاسی و جەبری سیاسەتی رۆژانەدا بنوسن، نەوەک فیکر بەرهەمناهێنێت، بەڵکو لە قووڵایدا دەبێتە مەکینەیەک کە کۆنزەرڤاتیزمی سیاسی و دینی دروستدەکاتەوە. ئەوەی هەموو ڕۆژێک دەبێت پاکدامێنی سیاسی خۆت بسەلمێنێت، وایکردوە ڕۆشنبیری کورد نەتوانێت بگوازێتەوە بۆ گومان و وەستان و بیرکردنەوە. ئەم عەقڵییەتە بەدبەختە بە جۆرێک لە سەتحییەتی خۆیدا نوقم بووە، هەموو تێزێکی تری دەرەوەی خۆی بە ئینشا تێدەگات، هێندە لە ناو خۆیدا ونبووە، لە هیچ وشەیەک لە دەرەوەی سیستمی عەقڵی خۆی حاڵی نابێت، بە جۆرێک لە زمانی رۆژانەی خۆیدا خنکاوە توانای تێگەیشتنی لە وشە سادەکانی وەک «ئەخلاق» «سیستم» «مێژوو»  «روداو»  (چەندان و چەندانی تریش) نەماوە. هەموو زاراوەکان لە فلتەری جیهانبینییە بچوکەکەی خۆی دەدات و دەگەڕێتەوە بۆ گەمەکەی خۆی، گەمەی خۆدەرخستن وەک قەڵەمێکی شۆڕشگێڕی پاک، قەلەمێک هەموو ڕۆژێک هەڵوێستی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی لێ دەردەکەوێت، بەڵام هیچ کات، جوانی، تێکست، فیکر، بەرهەمی گەورە، دوودڵی، گومان، ڕووبەڕووبوونەوەی نادیاری لێ نابینرێت. قەڵەمێک دۆست و دوژمنانی خۆی دیاریکردوە، بەڵام هێزی لەسەر جوڵاندنی ئەم جیهانبینییە سڕ و کپکراوە لە نزمترین ئاستدایە، هێزی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگایەک کە بە ئایدۆلۆژیا و وەهم پڕکراوە و بەنجکراوە ئێجگار لاوازە . ئەم جۆرە قەڵەمانە دەتوانن بەرەنگاری جۆرێکی دیاریکراو لە حیزب یان دەسەڵات ببنەوە، بەڵام بە دەگمەن دەتوانن ئیش لەسەر ئەو ستراکتورانە بکەن کە لە پشت بەردەوامی و دووبارەبوونەوە و نەلەرزینی ئەم دەسەڵاتانەوەن.

 

ئایا ئەخلاق و فیکر دژی یەکن?.
 ئەم دوو وشەیە «ئەخلاق» و «فیکر» لێرەدا ئاماژەنین بۆ ئەخلاقی شەخسی یان فیکری تایبەتی کەسێک تا بڵێین دەشێت یەکتری تەواوبکەن و لە یەکتر جیانابنەوە، هەڵەی وەها جێگای پێکەنینە. بەڵێ ئەخلاق و فیکر دژ بە یەکن. لێرەدا ئەخلاق ئاماژەیە بۆ کۆی ئەو ڕەگەزە نەگۆڕ و هەمیشەییانەی لە کۆمەڵگادا هەن و لایەنی چەسپیو و دەست لێ نەدراوی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەردەخەن، واتە ئەخلاق نوێنەری سەقامگیریی و نەجوڵانە، ئاماژەیە بۆ ئەو کۆڵەکانەی کە «قەوارەی کۆمەڵایەتی» لەسەر ڕاگیراوە. لە کاتێکدا فیکر بە پێچەوانەوە نوێنەری جوڵە و گومان و ڕەگەزی نوێی تێکدەر و ناجێگیرە، ئاماژەیە بۆ هێزێک دژی دووبارەبوونەوە و بەردەوامی ئیشدەکات.  لێرەدا کە باس لە ئەخلاق دەکەم مەبەستم هەموو ئەو گووتار و بەها و پێوەر و بنەمایانەیە کە عەقڵی دەستەجەمعی ئێمە لە ڕێگایانەوە سیفەتگەلی «نیشتیمان پەروەری، دڵسۆزیی، شۆڕشگێڕیی، پاکی، بە هەڵوێستی» دەبەخشێت. ئەخلاق ئەو ڕوکنانەیە کە ڕێگا بە تاکەکان دەدەن تا لە ناو بەشە جیاوازەکانی پێکهاتی کۆمەڵایەتیدا چالاک بن، ئەو پرنسیپانەیە کە وادەکەن فەردەکان ملکەچی ڕۆحی کۆمەڵایەتی و دەستەجەمعی بن، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرچاوەی هەموو نیفاقێکی کۆمەڵایەتیشن. بە هۆی ئەم یاسا و قاڵبانەوەیە دەبینین گەندەڵەکان وەک پاکەکان بەردەوام باس لە گەندەڵی دەکەن، ئەوانەی هیچ بۆ نیشتیمان ناکەن بەردەوام باس لە نیشتیمانپەروەری دەکەن، کۆنزەرڤاتیڤەکان بەردەوام باس لە شۆڕشگێربوون و ئۆپۆزسیۆن بوون دەکەن، ڕادیکالەکانیش گەر بوونیان هەبێت ئەوا جگە لە نمایشکردنی ڕادیکالیزمی سیاسی هیچی تر بەرهەمناهێنن و هێزی گواستنەوەی ڕادیکالیزمیان نابێت لە گووتارێکی حیزبییەوە بۆ گووتارێکی نوێکەرە وە و داهێنەرانە. واتە هەموو بکەرە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵدەدەن لەو چوارچێوە ئەخلاقییەدا بمێننەوە کە هەیە. نوسەریش هەر کاتێک دوای ئەو بانگەوازە ئەخلاقیانە کەوت، ئیدی وەڵامی پرسیارە فیکری و ئیبداعییەکان نابێتە خولیای.  ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکی دروست نییە، چونکە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەماگەلێکی وەک «ترس، هەستکردنی بەردەوام بە گونا‌هـ، وەسواسی توندی خۆپاککردنەوە» دروستبووە.
نوسین لە ژێر فشاری خۆپاککردنەوەی بەردەوامدا، تێکستی درۆزن و سەتحی و دەستکرد دەخولقێنێت کە نیشانە و ئەسەرێکی لە خودی قووڵ و ڕاستەقینەی نوسەر هەڵنەگرتووە، نوسین لەم ناوکۆییەدا نیشانەی پەیوەندییەکی سایکۆلۆژییە بە کۆمەڵگاوە، هەوڵێکی دەرونییە بۆ خۆنزیککردنەوە و خۆ خۆشەویستکردن لای هەندێ بەشی کۆمەڵگا، بێئەوەی هێزی ئەوەی تێدابێت خودی کۆمەڵگا و گووتارەکانی بخاتە ژێر پرسیارەوە . نوسین «لایەنی کەم لای من» ئەرکێکی دینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی نییە، نوسین کردارێکە نوسەر بەر لە هەر شتێک سنوورەکانی بیرکردنەوەی خۆی پێ دەپشکنێت، نزیکبوونەوەیەکی سایکۆپاتی نییە لە کۆمەڵگا، بەڵکو دوورکەوتنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی پێویستە، نەهێشتنی مەودا نییە لە نێوان نوسەر و ئەو دۆخە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەی کە هەیە، بەڵکو دروستکردنی مەودا و چاندنی دوورییەکە لە نێوان نوسەر و واقعدا، مەودایەک کە نەتوانەوە و نەخنکانی نوسەر دەسەلمێنێت لە دونیای خۆیدا. نوسین لە ژێر جەبری ئیلتیزامی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقیدا، هەڵگرتنی ئەو مەودا و سڕینەوەی ئەو پانتاییەیە کە نوسەر پێویستە لەگەڵ بابەت و ئۆبێکتی بیرکردنەوەیدا هەیبێت. لە ڕۆشنبیرییەکدا کە نوسەرەکانی بەشی هەرە زۆریان تەنیا توێژەر و شیکەرەوەی سیاسی و ئەخلاقین، سەنتەریزمی ئەخلاقی دەگاتە چڵەپۆپەی کاری وێرانکاری خۆی. ئەمجۆرە سەنتریزمە وادەکات ناوەڕۆکی نوسین پێشوەخت دیار و دەستنیشانکراو بێت. بەڵام نوسەر گەر بیەوێت ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە، پێش دەستکردن بە نوسین هەڵوێستێکی پێشوەختی نییە، ڕوانینێکی ئامادەی نییە کە بۆ داڕشتن و بەیانکردنی تەنیا بۆ وشەکان بگەڕێت، پرۆسەی نوسین و بیرکردنەوە و بڕیار یەک پرۆسەیە. ئەوە نوسەرە ئایدۆلۆژییەکانن پێشوەخت تەواوی هێڵی تێفکرینیان دیارە و تەنیا دەبێت هەندێک قاڵب و وشە بدۆزنەوە تا ئەوەی پێشوەخت نوسراوە دووبارە بینوسنەوە. هەڵوێستی سیاسی، ئەخلاقی، دینی هەمیشە پێشتر ناوەڕۆکی نوسینەکان دیاریدەکەن و نوسەرەکان تەنیا فۆرمی تێکستەکەیان بۆ دەمێنێتەوە بیدۆزنەوە. نوسینی فیکری لە ڕاستیدا شکاندنی ئەو قاڵبانەیە و دەرچوونە لەو چوارچێوە ئەخلاقیانە، کە لە ڕێگایانەوە گووتارە سیاسی و کۆمەڵایەتییە باوەکان، هێزی خۆیان بەسەر ڕوانینی ئێمەدا دەسەپێنن.  
کێشەی سەرەکی لە ڕۆشنبیرییەکدا کە ئەخلاقی ئایدۆلۆژی لە سەنتەردا بێت ئەوەیە بەردەوام تەنیا بیر لە چارەسەریی سیاسی ڕاستەوخۆ دەکاتەوە، تا ئەندازەیەکی زۆر هەموو پرسیارە گرنگەکانی دیکە دەخاتە لاوە بۆ ئەوەی پرسی سیاسی ڕاستەوخۆ و ڕۆژانە بخاتە پێش هەر پرسێکی ترەوە، پەیوەندی لەگەڵ پرسە سیاسییە ڕۆژانەکاندا، وەک پەیوەندی ئیماندارانی لێ دێت لەگەڵ روکنەکانی ئیماندا. سروشتی ئیلتیزامی دینی بە جۆرێکی خێرا لە ڕێگای پرەنسیپە ئەخلاقییەکانەوە وەردەگەڕێت و دەبێت بە پرەنسیپ بۆ هەموو جۆرە ئیلتیزامێکی سیاسیش. ئەو هەستە بە گوناهـ کە مرۆڤی دینی لە بەرامبەر یەزداندا هەیەتی، لای مرۆڤی سیاسی دەگوازرێتەوە و دەبێت بە جۆرێک لە هەستی گوناهـ بەرامبەر ئیمانی سیاسی و ئایدۆلۆژی خۆی. لێرەوە سیاسەت خێرا لە پرسیارێکی فیکری و عەقڵی و گوماناوییەوە وەردەگەڕێت بۆ جۆرێک لە بەستنەوەی داخراو بە کۆمەڵێک بابەت و پرەنسیپ و شێوازی دیاریکراوی دەربڕینەوە، لەم پرۆسەیەدا «پاکژی سیاسی ـ الطهارة السیاسیة» دەبێت بە کۆپییەکی «پاکژی دینی ـ الطهارة الدینیة». وەرگەڕانی نوسین و بوونی بە بەشێک لە پرۆسەی گەڕان بۆ پاکژی، وایکردوە نوسین کە تەنیا هۆیەکە بۆ ئەوەی بە جۆرێکی تازەگەرانە جیهانبینمان بجوڵێنین، تەنیا کەرەستەیەکە بە هۆیەوە بتوانین لە جەبری شتە ڕووکەشەکان و ڕوداوە بچوکەکان دەربازبین، لە کاربکەوێت و بمرێت.
نوسین لە ژێر نیازی خۆپاککردنەوەدا، پەیوەندییەکی ناتەندروست و کۆیلانە لە نێوان سوبێکتی بیرکەرەوە و کۆمەڵگادا دروستدەکات.
ڕۆحێک بەردەوام لە ژێر فشاری گەڕاندا بێت بۆ پاکی، کۆمەڵگایەک دروستدەکات کە تێیدا گەڕان بۆ خاوێنی و تەهارەت ڕەهەندی سامناک وەردەگرن. فاشیزمی دینی کە «داعش» تەنیا ڕوویەکێتی، تەنیا دەرکەوتەیەکی بچوکی ئەو گەڕانە گەورە و فرە ڕوخسار و هەمەلایەنەیە بۆ خۆپاککردنەوەی سیاسی و ئایدۆلۆژی، کە ڕۆژانە لە هەموو خانە و شانەیەکی دونیای ئێمەدا بەڕێوەدەچێت.



کتێبەکان