سەرەتا

جیهان نەبینی / زنجیرەگووتارێک دەربارەی ڕیشەکانی تێنەگەیشتن لە دونیا بەشی یەکەم

 

تێبینی : ئەو نوسینانەی لێرەدا بڵاودەبنەوە، تەنیا موڵکی ئەم ماڵپەڕەن، تکادەکەم هیچ سایت و پێگەیەکی ئەلەکترۆنی بێ پرس ئەم بابەتانە لای خۆی بڵاونەکاتەوە. 

 

جیهان نەبینی
زنجیرەگووتارێک دەربارەی ڕیشەکانی تێنەگەیشتن لە دونیا
بەشی یەکەم

 

یەکێک لە سیفەتە سەرەکییەکانی عەقڵی سیاسی لە ناوچەی ئێمەدا و بە تایبەتیش لە ناو کورددا لاوازبوونی پەیوەندییە بە واقعەوە، نەبوونی سیاسەتی «ڕوونبینی واقع» سیفەتی هێزێکی دیاریکراو یان قۆناغێکی کورت نییە، بەڵکو سیفەتێکە زوو زوو لە ناو کولتووری فاشیزمی سیاسیدا سەرهەڵدەدا و وەک دەرکەوتەی جۆرە نەخۆشییەکی فەردی و دەستەجەمعی دەردەکەوێت، ئەم دیاردەیە بەجۆرێکی بەربڵاو لە  مێژووی نوێی خۆرهەڵاتدا دەبینرێت و  بەردەوام لە شێوەی جیاواز جیاواز و بە رەوتێکی تراژیدۆکۆمیدی دووبارەدەبێتەوە، دەتوانین وەک ناونانێکی بە زاراوەیەکی پێچەوانەی زاراوەی «جیهانبینی» بە «جیهان نەبینی» ناوی بنێین.
«جیهان نەبینی» ئەو ساتەیە کە تیایدا سیاسییەک یان حیزبێک یاخود تەواوی کۆمەڵگایەک پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی بە واقعەوە نامێنێت و لەسەر تەمەنا و ئاواتخواستن و وەهم یان بەپێی ترسی نابەجێ و دوودڵی نادروست ئیشدەکات و دەجوڵێتەوە. لە جیهان نەبینیدا مرۆڤەکان وێنەیەکی هەڵە بۆ دونیا دروستدەکەن و چیتر ناتوانن لە دەسەڵاتی ئەو وێنەیە دەرچن، ئەو وێنە هەڵەیە وەک حەقیقەتێکی بنجبەستو و بەهێز کار لە تەواوی سیستمی بیرکردنەوەیان دەکات و وەک بەڵگەنەویست و پێدراوی پێشینە سەیریدەکەن. لە دۆخی وادا مرۆڤەکان یان سیاسییەکان لەسەر بنەمای وێنەیەکی سەرەتایی و بنچینەیی واقع تەواوی تێگەیشتن و ڕەفتاری خۆیان دیاریدەکەن. گرنگترین جیاوازییەک بیکەین ئەوەیە، نابێت «جیهان نەبینی» لە گەڵ «درۆ لەگەڵ خۆکردن» یان «فێڵکردن» یان «پیلان» دا تێکەڵبکەین، جیهان نەبینی بەرهەمی تەواوی پێکهات و بونیادی عەقڵییە و تایبەتە بو سروشتی بیرکردنەوە، واتە میکانیزمێکی گرنگی ئیشکردنی سیاسەتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ناتوانێت گەر نەبێتە فابریکێکی گەورەی بەرهەمهێنانی وەهم، بوونی هەبێت.  
لە دۆخی جیهان نەبینیدا، کەسی خاوەنی تەفسیر و لێکدانەوە، باوەڕی تەواوی بە ڕاستی و دروستی بۆچوونەکانی خۆی هەیە، واتە لە بنەڕەتدا تێکچوونێکی ڕادیکال و بنچینەیی لە پەیوەندی نێوان مرۆڤی خاوەن وەهم و بابەتی بیرکردنەوەیدا هەیە ، تێکچوونێکی تەواو لە پەیوەندی نێوان سوبێکتی بیرکەرەوە و ئوبێکتی بیرکردنەوەیدا، وەک چۆن لە زۆر نەخۆشی دەرونیدا، نەخۆش ناتوانێت «شیاو ـ ممکن» و «نەشیاو ـ ناممکن» لەیەک جیابکاتەوە، لێرەشدا و لە ئاستێکی بەرزتردا سەرۆکێک یان قەوارەیەکی سیاسی تووشی ئەو دۆخە دەبن کە مومکین و نامومکینیان بۆ جیاناکرێتەوە. لەم دۆخەدا لە بەردەم نەخۆشێکی دەرونیدا نین کە لۆژیکی لەدەستداوە، بەڵکو لە بەردەم نەخوشێکداین دەتوانێت زۆر عەقڵانی قسەبکات و ئەرگومێنێت بهێنێتەوە، دەتوانێت زانست و مێژوو بکاتە شاهیدی بۆچوونەکانی خۆی، بەڵام لۆژیک و عەقڵانییەتی لەسەر بنەمای ناعەقڵانی گەورە وەستاون، لێرەدا دەرون عەقڵ ناچاردەکات بەهانەی مەنتیقی بۆ کارەکانی بدۆزێتەوە. بە کورتی جیهان نەبینی، بریتییە لە داڕشتنی ستراتیژێکی سیاسی خەیاڵی کە زەمینەی جێبەجێکردن و پیادەکردنی مەحاڵە، بەڵام سیستمی سیاسی بێ ئەو خورافەتە ناکەوێتەگەڕ، بە پێچەوانەوە ئەو خورافەتە هۆیەکە سیستم لە ڕێگایەوە دەتوانێت پەیوەندی ڕۆحی لە نێوان تاکەکانی خۆیدا ڕابگرێت و بەهێزیبکات.
لەگەڵ «جیهان نەبینی» دا لە بەردەم دیاردەیەکی دەرونی و دەستەجەمعیداین، یان وەک فرۆیدا دەڵێت لە بەردەم دەردەدەرونێکی شارستانیداین، کە قووڵ میکانیزمییە دەرونی و ناوەکییەکانی ناو کۆمەڵگایەک دەردەخات، جۆرە عصابێکی مێژوویی کە ریشەکانی لەوە قووڵترن تەنیا بە شیکاری سیاسەتی هەنوکەیی تێیبگەین.
پێداچوونەوە بە هەندێک لە وەهمە سەرەتاییەکاندا
ئەم نمونانەی لەم باسەدا هەندێک جار دەیانهێنمەوە، تەنیا نمونەن، بۆئەوەی خوێنەر لەسەرەتاوە تێبگات باس لە چی دەکەم، بە ناچاری دەبێت دەست زۆر بۆ دۆخی کوردستان ببەین تا خوێنەر ڕونتر لە مەبەستەکەم تێبگات. جیهان نەبینی تەنیا هەڵسەنگاندنی هەڵە نییە بۆ ڕوداوێک، بەڵکو زۆر زیاترە، ناونانی هەڵە و میتۆدی هەڵە و تەفسیری هەڵەشە. لە جیهان نەبیندا هەر بابەتێک دەمانەوێت تێیبگەین، بە چەند توێژێک لە وەهمی پێشوەخت و بڕوای دۆگمایی و بەڵگەنەویستی هەڵە داپۆشراوە، کە وادەکات تێگەیشتنی تەواو و بابەتی کارێکی ئەستەم بێت. ئەم جیهان نەبینییە ڕژاوەتە ناو تاکەکان، بووە بە بەشێک لە کولتووری رۆژانە، ڕەنگە زەقترین و ڕۆشنترین دەرکەوتەی ئەم دیاردە دێرینە لەم چرکەساتەدا، ئەو پرۆسەیە بێت کە بە ریفراندۆم ناودەنرێت. ریفراندۆم نمونەیەکی زەقی جیهان نەبینی یە، نیشانەی ئەو دۆخە دەرونییە تایبەت و دەستەجەمعییە یە کە دەشێت میللەتێک بە هەڵەدا ببات. بەڵام جیهان نەبینی پێش ریفراندۆم ئامادەبووە، جیهان نەبینی هەمیشە بەشێک بووە لە کایەی سیاسی کوردی، بەڵکو بزوێن و دینامۆی یەکەمی بووە، ڕیفراندۆم خۆی دەرەنجامی بونیادێکی دێرین و دۆخێکی نەگۆڕی عەقڵی سیاسی بوو، نەدەرکەوتەیەکی کتوپڕ و نە هەڵەیەکی تێپەڕ بوو، بەڵکو بەشێکی بونیادی ستراکتوری خورافی عەقڵی کوردی بوو، واتە هەڵەیەکی بونیادی بوو کە بە پێکهاتی تەواوی کایەی سیاسی و دونیابینی ئێمەوە گرێدراوە. چونکە جیهان نەبینی ماشێنێکی گەورەی بەرهەمهێنانی خەون و خورافاتی سیاسییە، ڕیفراندۆم تەنیا دەرکەوتەیەکی تری عەقڵی خورافی کوردییە کە بەردەوام دەرکەوتەی خورافی جیاواز جیاواز بەرهەمدەهێنێت.
 واقعی سیاسی لە کوردستان لە دوای راپەرینەوە جگە لە مەکینەیەکی گەورە بۆ سەوزکردنی خەونی درۆ و بەلارێدا بردنی عەقڵ و دروستکردنی خورافات هیچی تر نەبووە، وەهمی ڕیفراندۆم چڵەپۆپەی گەیشتنی ئەو دونیا وەهمییە بوو کە ناوی سیاسەتی کوردییە بە ترۆپکی خۆی، ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات تەواوکردنی مێژوویەکی پێشینی پڕ خورافاتە. فاشیزم بەبێ خورافات و بەرهەمهێنانی وەهم ئیش ناکات، ئەوانەی خوارافاتی سیاسی بەرهەمدەهێنن بەشێکن لە دروستکردنی ئەم ڕۆژە، خورافەتی ڕیفراندۆم درێژکراوەی زنجیرەیەک خورافاتی تر بوو، کە هەموویان پێکڕا لێرەن و عەقلی سیاسی کورد بە چەپ و ڕاستییەوە، بە لیبراڵ و کۆنزەرڤاتیڤەوە ناتوانن لێی دەربچن. لە ڕاستیدا واقعی کوردی چەندە بەدەست کۆمەڵێک سیاسی گەمژە و بە دەست گاڕانێکی فاشیستی نەخوێندەوارەوە دەناڵێنێت، هێندەش بە دەست خودی عەقلی سیاسی کوردییەوە، بەدەست زاراوە و چەمکەکان و ناونانەکانی ناو ئەم سیستمەوە دەناڵێنێت.
گەورەترین خورافەت لەو پنتەوە دەست پێدەکات، کاتێک ئێمە بەم قەبیلە سیاسی و فاشیستیانەی ناو کۆمەڵگا دەڵێین حیزب. وەهمی هەبوونی حیزب کە لە ئێستادا ترۆپکی قەیرانی خۆی دەژی، لە پشت چەندەها زنجیرەی تری وەهمەوەیە کە بونیادی جیهان نەبینی ئێمە دروستدەکەن. وەک لە چەندین نوسینی تردا ئاماژەم بۆ کردوە، لەگەڵ دەستپێکردنی شەری ناوخۆدا، حیزب وەک دەزگا لە کوردستان بەر لەوەی دروست ببێت کۆتایی هات، لەسەردەمی خەباتی چەکداردا و بە هۆی هەلومەرجەکانی خەباتەوە سەرانی سیاسی خۆیان لەوە دزی بووەوە کە فۆرمێکی مەدەنی بدەنە هێزەکانیان، بەڵام دوای ڕاپەرین و جەنگی برا فاشیستییەکان لە شەری ناوخۆدا، تەنیا چەند هەیئەتێکی ئەرستۆکراتی  دابراو ئەو جەستە ئیفلیج و کۆیلانەیان برد بەرێوە کە ناوی حیزبە و لەدەرەوەی ئەوان حیزب بوونی نەما. ئەوەی پێیدەگووترێت حیزب دەزگایەکی دەسەڵاتخوازی ئەمنی ئیعلامییە کە ئۆرگانەکانی ژێرەوەی کاریان نەماوە و جگە لە کاری ئەمنی و سەربازی و جاسوسی وەزیفەیەکیان نییە. حیزب لە پێکهاتە دروستەکەیدا تەنیا فۆرمێکی دەسەڵات نییە، بەڵکو دەبێت فۆرمێکی جیهانبینیش بێت، واتە ڕونینێکی بۆ کۆمەڵگا و پاشەرۆژ و بابەتە گەورەکانی هەبێت. حیزب یەک مانای هەیە ئەویش کۆکردنەوەی هێز بۆ گۆرینی کۆمەڵگا لە ڕێگای تێڕوانینێکی هوشیارەوە بۆ کێشەکانی. حیزب دەتوانێت ئایدۆلۆژیای نەبێت، بەڵام ناتوانێت بێ فیکر بێت، حیزبی نائایدۆلۆژی ئەرکی لە حیزبی ئایدۆلۆژی سەختترە، بەوەی دەبێت بەردەوام فیکر و بۆچوون و تێڕوانینی هوشیارانە بەرهەمبهێنت. لەوانەش بگوزەرێین، حیزب تەنیا کاتێک بوونی هەیە کە ئۆرگانەکانی ژێرەوە توانای کارکردن و بەشداریکردنیان هەبێت، حیزب کە فۆرمی يەکەیەکی سەربازی وەرگرت کە لەسەرەوە فەرمان دەردەکرێت و لە خوارەوە جێبەجێدەکرێت، دەبێتە پێکهاتێکی میللیتاری و سەربازی نەوەک حیزب. من لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزاردا قسەم لە مردنی حیزب کرد، ئەمرۆ ترۆپکی تەواوەتی ئەو مەرگە دەبینین، ئەوەی ئەمڕۆ هەیە تەنیا گروپی فاشیستیی و تۆپەڵ تۆپەڵ بوونی کۆمەڵگایە بەسەر چەند دەستەیەکی داخراو و دابڕاودا کە کۆمەڵێک سەرکردە بە گاڕانێکی فاشیستیی وەک خۆیانەوە گرێدەدات. ناونانی ئەم فۆرمە بە حیزب ئەو وەهمە گەورەیەی دروستکرد کە پێیدەڵێن «ئەزمونی دیموکراسی لە کوردستان». مەرجی یەکەم بۆ خۆپاراستن لە خورافەت ئەوە بوو کە باوەڕ بەوە بهێنین کە ئێمە حیزبمان نییە وە هیچ ئەزموونێکی دیموکراتی یاخود پەرلەمانی لە ڕێگای کۆمەڵێک گروپی فاشیستی و خێڵی تاڵانکەرەوە دروست نابێت. لەڕاستیدا باوک و دایکی راستەقینەی خورافەتی ڕیفراندۆم ئەوانەن کە چاوەڕێبوون لە رێگای دیموکراتییەوە، لە ڕێگای پەرلەمانەوە ژینگەیەکی سیاسی مۆدێرن دروستبکەن، چونکە هەر ئەو خورافەتە زەمینەسازی بۆ ئەوە کرد مرۆڤی کورد تا ئەو ئەندازەیە بخەڵەتێنرێت و پێی وابێت لە بەردەم روداوێکی مێژووی گەورەدایە کە بە رێگەچارەی دیموکراسی وڵاتی ئازادی خۆی دادەمەزرێنێت . خورافەتی ئەزموونی دیموکراسی و رێگە چارەی پەرلەمانی خورافەتێکە خێڵە فاشیستییەکان خۆیان دروستیانکردوە، بە درێژایی بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو چاندویانە. لەم هاوکێشەیەدا پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن جیاوازییەکی رادیکال و گرنگیان لەگەڵ پارتەکانی دەسەڵاتدا نییە، کێشەی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن تائێستا دابەشکردنی دەسەڵات بووە، نەوەک گۆڕانکاری ڕیشەیی لە فۆرمی سیاسی و لە ڕوانینی کۆمەڵایەتیدا،  باوەڕهێنان بە مەرگی حیزب، بە نەبوونی ئەگەری ڕیفۆرمی ڕادیکال لەم پێکهاتە سیاسییەدا مەرجی یەکەمە بۆ باوەڕهێنان بە گەڕان بۆ فۆرمێکی دیکەی سیاسی. ئەو پارتانە کە هەمان کێشەی خێڵە فاشستییە گەورەکانیان هەیە، بە هەمان شێوە لە عیبادەتی سەرۆک و ئایدۆلۆژیای دینی و سیاسەتی تاکتیکی کورتبڕدا نوقمن، خۆیان خێڵی سیاسین لە قۆناغی دروستبووندا نەوەک ئەلتەرناتیڤی سیاسی بن.
گەر بگەرێینەوە بۆ مێژووی ئەو قەوارانەی کە بە ناچاری پێیان دەڵێین حیزبی کوردی زۆر ڕاستی دەبینین
1 . ئەو قەوارانە هیچ کات ئایدۆلۆژیایەکی ڕونیان نەبووە، بەڵکو فیکریان تەنیا کۆمەڵێک دروشمی تاکتیکی کورتخایەن بووە، کەسان و ئۆرگانگەلێکیشیان نەبووە فیکریان بۆ بەرهەمبهێنێت ، لێرەوە هیچ کات دیدگایەکی تیورییان بۆ سیاسەت یان ئابووری دانەڕشتووە، ئەوەی جڵەوی عەقڵی کردون ئەو لۆژیکە دێرینەی خێڵە سەرەتاییەکان بووە، کە دەستکەوتی خێرا و جیهانبینی کلێشەیی و حازربەدەستیان وەک دەلیلی کارکردن بەکارهێناوە.
2 . ئەم قەوارانە هیچ کات نەیانتوانیوە لە دەستەی یەکەمی دامەزرێنەریان جیاببنەوە، مردنی سەرکردە هەمیشە بە مانای لاوازبوون و تێکشکان و پاشەکشە بووە، فۆرمی سەرکردە لەو حیزبانەدا سەرکردەی خاوەن بیر و ستراتیژ نەبووە، بەڵکو سەرۆک ئەو پنتە سۆسۆلۆژییە بووە کە خێڵ پێویستی پێیەتی تا بەیەکەوە بنوسێت. وەزیفەی سەرۆک لە حیزبی کوردیدا جیاوازییەکی رادیکالی لەگەڵ وەزیفەی سەرۆک خێڵدا نییە و هیچ سەرکردەیەکی کورد شتێکی ستراتیژی و رادیکالی بۆ وەزیفەی سەرۆک خێڵ زیادنەکردوە.
3. حیزبی کوردی هیچ کات پەیامێکی دیاریکراوی بۆ گروپێکی دیاریکراو نییە، نوێنەری هێزێكی کۆمەڵایەتی تایبەتی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک دروشمی گشتی و عمومی هەڵگرتووە کە هەموو تاقمێک دەتوانێت هەڵگریان بێت، بە گشتی خسوسییەتێکی چینایەتی و کۆمەڵایەتیان نییە کە لە یەکتر جیایان بکاتەوە. وەک چۆن خێڵ خسوسییەتێکی چینایەتی و ئایدۆلۆژی زۆر کاڵی هەیە، حیزبەکانیش هەمان شێوە خسوسییەتێکی چینایەتی و ئایدۆلۆژی کاڵیان هەیە.
4 . ئەو قەوارە کوردیانە هیچ کات لە ناوچەیەکی دیاریکراو نەچوونەتە دەرێ و هیچ یەکێکیان نەیتوانیوە بوونێکی سەرتاسەری یان نیمچە سەرتاسەری مسۆگەربکات، وەک خێڵ هەمیشە مەحکوم بوون لە سنووری ناوچە و شار و دیالێکتی دیاریکراودا بمێننەوە.
5 خێڵ چۆن ناتوانێت بونیادی خۆی بگۆڕێت، هێزە کوردیاکانیش ناتوانن بونیاد و پێکهات و سیستمی ئیشکردنی خۆیان بگۆڕن، خێڵ چۆن بوونی خۆی وەک دیاردەیەکی سروشتی تەماشادەکات، قەوارە کوردییەکانیش هەمان شێوە سروشتی خۆیان وەک دراوێکی هەمیشەیی و نەگۆر دەبینن.
6 . سیاسەتی ئەم قەوارانە لەسەر ئیشکردن لەسەر کۆمەڵگا دانەمەزراوە، واتە سیاسەتی بەریوەبردنی کۆمەڵگا جێگایەکی سەنتراڵی نییە، بەڵکو لێدەگەڕین یاسا و ڕێسا سروشتی و دێرین و قاڵبدارەکان کۆمەڵگا ببەن بەڕێوە، تەنیا جۆری سیاسەت کە مومکینە ئەم هێزانە بیکەن، سیاسەتی بەڕێوەبردنی ململانێیە.
ئەم نیشانانە بەڵگەن بۆ وەهمی چارەسەری دیموکراتی لە چوارچێوەی  ئەم بونیادە سیاسییەی ئێستادا. بەر لە چاککردنی تەواوەتی پەیوەندی سیاسەت و کۆمەڵگا، سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا جگە لە مەکینیەکی بەرهەمهێن بۆ وەهم و خورافەت هیچی تر نییە. ئەو عەقڵییەتەی کە دەڵێت «لەوەی هەمانە شتێکی باش دروستبکەین» جگە لە دەڵاڵی دووبارەبوونەوە و حیکایەتخوانێکی خورافەتی سیاسی هیچی تر نییە. جیهان نەبینی لەو ساتەوەدەست پێدەکات کاتێک ئەو حیکایەت و خورافەتانەی کایەی سیاسی کە خۆی لەسەر خۆی و بۆ پاراستنی خۆی دروستیکردون، بە ڕاست بزانین و بکەوینە ناو چاڵەکانی. بەڵام چی وادەکات حیزب نەتوانێت ببێت بە ئۆرگانێکی مۆدێرن، ببێت بەشتێکی زیاتر لە خێڵ? ئەوە ئەو پرسیارەیە لە بەشی داهاتوودا وەڵامیدەدەمەوە.



کتێبەکان