سەرەتا

جیهان نەبینی / زنجیرەگووتارێک دەربارەی ڕیشەکانی تێنەگەیشتن لە دونیا بەشی دووەم

 

تێبینی : ئەو نوسینانەی لێرەدا بڵاودەبنەوە، تەنیا موڵکی ئەم ماڵپەڕەن، تکادەکەم هیچ سایت و پێگەیەکی ئەلەکترۆنی بێ پرس ئەم بابەتانە لای خۆی بڵاونەکاتەوە. 

جیهان نەبینی
زنجیرەگووتارێک دەربارەی ڕیشەکانی تێنەگەیشتن لە دونیا
بەشی دووەم

 
بۆ حیزب ناتوانێت لە فۆرمی خێڵێکی فاشیستی دەربازبێت?

 


بۆ حیزب ناتوانێت وەک خێڵ یان وەک گروپێکی توندوتیژی پڕ خورافەت و ئەفسانە نەبێت?.
کێشەی هەرە گەورە ئەو کاتە دەستی پێکرد کە کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەکان لە پرۆسەی خۆمۆدێرنیزەکردندا نوشوستی گەورەیان هێنا، کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەکان لەگەڵ سەرەتاکانی هاتنی کۆلۆنیالیزم و دەرکەوتەکانی مۆدێرنەدا بە جۆرێکی قووڵ چەند کەرت بوون، مۆدێرنە لە هیچ پنتێکدا نەیتوانی بونیادە دێرینەکان و رێکخستنەکانی دەسەڵات کە لە نێوان موڵکدارانی زەوی و  نوخبەی دینیدا بەشکرابوو بەتەواوتی تێکبشکێنێت، بەو مانایە دەسەڵاتە تەقلیدییەکان لە پێکهاتی دونیای مۆدێرندا بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتی ڕاستەقینە و ڕەمزی خۆیان پاراست. کۆمەڵگای کوردی وەک یەکێک لە کۆمەڵگا هەرە دواکەوتووەکانی خۆرهەڵات لەم دیاردەیەدا بەشی شێری بەرکەوت، واتە کەمترین دەرکەوتەی مۆدێرنە و زۆرترین بونیاد و ستراکتوریی دێرینی هەبوو. لەسەرەتاوە شاعیران و نوسەران و ئازادیخوازانی کورد پرۆژەی گۆڕین و گەشەدانی کۆمەڵایەتی وەک شتێکی ستراتیژی دەنەخشێنن، لەو بارەیەوە دەیان تێکست لە ئەدەبیاتی سەرەتای سەدەی بیستدا دەدۆزینەوە، بەڵام لەگەڵ لەدایکبوونی حیزبدا، ئەم ئۆرگانە تازەیە گەرچی خۆی وەک بەرگریکەر لە کۆمەڵگای کوردی دادەنێت، بەڵام بە تەواوی شەڕ لەوە دووردەخاتەوە شەڕی گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی کۆمەڵگای کوردی بێت و ئەو ئامانجە دەخاتە ناو پرۆسەیەکی دوورخایەن و خورافییەوە کە تەنیا کاتێک دێتە دی کە کورد ڕزگاریبووبێت و پارچەکانی یەکی گرتبێتەوە. ئەم درۆ مێژووییە ترسناکترین درۆی مێژووی کوردە کە تا ئەمڕۆ ئیشدەکات و هەوادارانی خۆی هەیە، وادەکات کۆمەڵگای کوردی وەک کۆمەڵگایەکی دابڕاو لە هەموو نوێگەرییەکی رادیکال بمێنێتەوە، گەرچی بەشی زۆری کێشەکانی کورد ناوخۆیی بوون، بەڵام شەڕەکانی هەمیشە لەگەڵ دەرەوەدا بوون، ئیشکردنی گووتاری مانەوە وایکردوە، حەرام و تابۆیەکی زۆر بکەوێتە سەر دەستبردن بۆ کێشە ناوخۆیی و بونیادە تەقلیدی و دواکەوتووەکان. سروشتی کەپیتالیزمی ئەو قۆناغە سەرەتاییەش، هەر وەک کەپیتالیزمی ئەمڕۆ، یاریدەدەری سەرهەڵدانی هێزگەلی نەفام و کۆنزەرڤاتیڤ بوو، بواری مۆدێرنیزەکردن لە رێگای هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری دێرینەوە کاری نەکردە بوو، وەک چۆن سەرمایەدارەکانی ئەم سەردەمە هەر سەرمایەداری عەقارات و بازرگانین، سەرمایەدارانی ئەو سەردەمەش هەر موڵکداری زەوی و بازرگانی بچوک بوون، واتە فۆرمی گەشەی کەپیتالیستی فۆرمێک نەبوو بە مۆدێرنیزەکردنی کۆمەڵگا و زانستەوە بەسترابێت یان ناچاربێت سیستمێکی ڕێکخستنی عەقڵانی بخاتەگەر، لێرەوە ئەوەی پێیدەگووترێت گەشەی کەپیتالیستی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە کۆمەڵگای کوردیدا دروست نەکرد، عەقڵی خێڵەکی و ڕۆحی خێڵەکی و مەیلی ئیمارەتگەرا لە شوێنی خۆیان مانەوە. لەو قۆناغەدا ئەوەی پێکهاتی کۆمەڵگای کوردی دەجوڵێنێت، یاسا ناوەکییەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی و هێزە کۆمەڵایەتییە کوردییەکان نیین، بەڵکو خواستی دەوڵەتە سەنتراڵەکانە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو بەشەکانی جوگرافیای نوێی خۆیان کە مەبەستیانە فۆرمی «دەوڵەت ـ نەتەوە» ی لە نێودا پیادەبکەن.
دەوڵەتە مەرکەزییەکان لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی کوردستاندا لەگەڵ دەسەڵاتی خۆیاندا فۆرمی ئیداری نوێ دەهێنن، دابەشکردنی نوێی دەسەڵات دەهێنن، دەسەڵاتە تەقلیدییەکان دەخەنە جوغزێکی تەسکەوە بێئەوەی بیانەوێت لە ناویان ببەن. لەم ساتەدا کوردستان دۆخێکی تایبەت دەژی، بەسەرێک بونیادە دێرین و تەقلیدییەکان (وەک خێڵ و دەسەڵاتی ڕۆحانی پیاوانی دین) هێشتا دوو فۆرمی ڕەسەنن و لە شوێنی خۆیانن، یان هیچ نەبێت گورزێکی کوشندەی ئەخلاقی و مەعنەویان بەرنەکەوتوە، بەسەرێکی دیش دەسەڵاتە دەرەکییەکان فۆرمی کۆنترۆڵ و ئیدارەی نوێ دەچێنن کە ئاراستەیەکی نوێ دەدات بە دەسەڵات، ئەم فۆرمە تازانە گەرچی نوێنەری ئیدارەی دوژمنن، بەڵام هەم کاریگەرترن و هەم جازبییەتێکی گەورەتریان لەسەر نەوە نوێکان هەیە. واتە کۆمەڵگای کوردی تووشی لەرزینێکی ناوەکی دەبێت، فۆرمی دەسەڵاتی دێرین، وەک فۆرم شتێکی پێ نییە شەڕی پێبکات، بەڵام وەک عەقڵییەت و ڕۆحییەتیش هێزێکی نییە خۆی نوێبکاتەوە، لەبەرئەوە هەوڵێکی گەورەی خۆگونجاندن دەدات. گەرچی هێزی بەرگەگرتنی لە بەردەم ئیدارەی مۆدێرنی دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا بوونی نییە ، گەرچی ئەم دەسەڵاتە تازانەش کە سەوزدەکرێن پەیوەندییەکی ڕەسەن و ئۆرگانیان بە کۆمەڵگای کوردییەوە نییە، بەڵام ئەم فۆرمە ئیداریانەی کە شارە گەورەکان پێویستیان پێیەتی چیتر بەلاوە ناخرێن، چیتر شارەکان ناتوانن دەستبەرداری خوێندنگا و دادگا و خەستەخانە و کارخانە و سەنتەرە بازرگانییە تازەکانیان ببن، بەڵام بوونی هەموو ئەم دەزگایانە هیچیان نابن بە بەشێک لە کولتووری زانستی و ئیداری دەسەڵاتی کوردی کە سەنتەرە گەورەکانیان هەر لەدەرەوەی شار و لە گوندەکاندا دەمێنێتەوە و لە فۆرمی «خێڵ» و «حیزب ـ خێڵی سیاسی مۆدێرن» دا قەتیسدەبێت، لێرەشەوە کە لە ساڵی 1991 دا یەکەم دەسەڵاتی کوردی لە ناو شارە گەورەکان و بۆ ماوەیەکی درێژ دروستدەبێت، ستراکتوری ئیدارەی شارەکانیش لەگەڵ خۆیدا دەخاتە سەر فۆرمێکی بەڕیوەبردن کە پڕە لە نیشانە و ئاماژەی عەقڵی خێڵەکی، بە جۆرێک مرۆڤ زۆر ئاسان دەتوانێت لەسەر دیاردەی کاریگەرییەکانی عەقڵی خێڵەکی لەسەر سیستمی ئیدارەی کوردی دەیان بەرگ کتێب بنوسێت.  
بەڵام بەگشتی لەگەڵ هاتنی مۆدێرنە و دەرکەوتەکانیدا دوو ئاراستە دەخولقێت، ئاراستەیەک پاڵ بە کۆمەڵگای کوردییەوە دەنێت بۆ ناوەوە، بۆ دەستگرتن بە دەسەڵاتە لۆکاڵ و ناوچەییەکانی خۆیەوە، ئاراستەیەکیش کە پاڵ بە کۆمەڵگای کوردییەوە دەنێت بۆ دەرەوەی خۆی، بۆ دەرچوون لەو قاڵبانەی کە لە ناوەوە دەست و قاچی بەستوە، ئەم کەرتبوونە دابەشبوونێکی توندە، پرسیارێکی وجودییە کە سەر لەبەری بوونی کوردی دەگرێتەوە و تا ئەمرۆش بەردەوامە. ئەم دوو مەیلە، مەیلی شکانەوە بەسەر خۆدا و خۆدابڕان و پێداگری لەسەر تایبەتمەندی و خسوسییەتی نەتەوەیی، لەگەڵ مەیلی کرانەوە و دۆزینەوە و نوێکردنەوە، لە ناوەڕاستەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا بە توندی بەریەکدەکەون. جەنگ و ململانێی ئەم دوو مەیلە، تەنیا وەک جەنگی دوو مەیل و دوو ئارەزوو دەمێنێتەوە، نەوەک جەنگی دوو فیکر و دوو جیهانبینی. لەو قۆناغەدا و تا ماوەیەکی زۆر درێژ دونیای ڕۆحی کورد بەسەر دوو ئایدۆلۆژیای نوێدا دابەشدەبێت کە هەر یەک لە نوخبە خاوەن کێشەکان بە پەتی ڕزگاریی خۆیانی دەزانن، «ناسیونالیزم» و «مارکسیزم»، دوو ئایدۆلۆژیا کە هەرگیزا و هەرگیز نابن بە فیکر و جیهانبینییەکی ناوخۆ، بەڵکو وەک تێکستی موبارەک و دروشمی دۆگمایی و مەیلی سەرەتایی ئیشدەکەن و شتێک لە بونیادی عەقڵی کوردیدا بونیادنانێن. ئەم دوو ئایدۆلۆژیایە کە هیچیان بەرهەمی لۆکاڵی کوردی نین، لە ساتی دەرکەوتنیاندا تەعبیر لە ململانێیەکی قووڵی ناوخۆیی دەکەن، بەهێزبوون و بڵاوبوونەوەی ئاگرئاسایان لە ساڵەکانی چل و پەنجا و شەستەکاندا بەڵگەیەکی گەورەیە کە هەردوکیان زمانحاڵی دوو ڕەهەندی کۆمەڵایەتی کوردستانن کە بکەرەکانی نەیانتوانیوە فیکری خۆیان دروستبکەن.
ناسیونالیستەکان نوێنەری ڕەهەندێکی کوردبوون بوون کە تەنیا دەیویست ئەو بونیادانە بپارێزێت کە هەن، بێئەوەی هیچ وێنەیەکی کۆنکرێتیان لەسەر جۆری ئەو کۆمەڵگایە هەبێت کە دەبێت هەبێت و دابمەزرێنێت، بە وێنەیەکی گشتی کاڵ و ناکۆنکرێت و خەیاڵییەوە لەسەر یەکگرتنەوەی کورد دێنە مەیدان و نە دەتوانن گەشە بەم بیرۆکەیە بدەن و نەدەتوانن زەمینەشی بۆ ئامادەبکەن. مارکسیستەکانیش جگە لەوەی هیچ وێنەیەکیان لەسەر کۆمەڵگای ئەوسەردەمە نەبوو، وێنەیەکی خورافیشیان لەسەر پاشەرۆژ بڵاودەکردەوە کە دەقاودەق لە ئەدەبیاتی مارکسیی ئەو سەردەمەوە وەریانگرتبوو. واتە هەر دوو کەرتی ئەو دابەشبوونە لەسەر دیدێکی کۆنکرێت بۆ کۆمەڵگا دروست نەبووبوون. بەڵام پێناچێت ئەمە هیچ کات پرسیارێکی گرنگ بووبێت یان شوێنێکی  قورسی لە بیرکردنەوەی سیاسی و فیکری کوردیدا داگرتبێت. «فۆرمی کۆمەڵگا» و «فۆرمی پاشەڕۆژ» ئەو دوو شتەن کە قەوارەی سیاسی کوردی هیچ بایەخێکی پێنادات، مەگەر لە ناو حیکایەت و ئەفسانە و خورافەتەکانیدا نەبێت. ئەوەی کێشەی سەرەکی بووە و خەیال و عەقڵی سیاسەتمەداری کوردی داگیرکردوە فۆرمی دەسەڵاتە (من چیم بە دەستەوەیە و چەندم بە دەستەوەیە و چۆن زیاترم بە دەستەوە بێت)، خودی جیهان نەبینی لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە دەسەڵات دەبێتە ئامانجی هەرە باڵا و مانایەکی ئەفسانەیی وەردەگرێت، کۆمەڵگا و تازەکردنەوە دەکەونە دواوە و پرسیاری رۆشنگەرانی کورد و خەونەکانیان دەبێت بە ژێرەوە و پرسیاری سەرەکی دەبێت بەوەی لەم دونیا تازەیەدا دەسەڵات لای کێیە و شێوەکەی چۆنە، ئەوە هەر لە سەرەتاوە وادەکات حیزب نەبێتە ئۆرگانێکی سیاسی کۆمەڵایەتی سوودبەخش و دابگەڕێتەوە بۆ ژێردەستی نوخبەیەک کە ڕوانینان بۆ دەسەڵات لە ڕوانینی سەرەک خێڵێک بۆ جوگرافیای دەسەڵاتی خۆی تێناپەرێت، ئەم جۆرە دۆخە حیزبێک دروستدەکات لە بری ئەوەی کەرەستەی تەعبیری کۆمەڵگا بێت لە خۆی هەر زوو دەبێتە کەرەستەی تەعبیری نوخبەیەکی بچوک کە حیزب وەک ئیرسی خێڵەکی دەبینن و دەسەڵات بە سیستمی میراتەوە گرێدەدەن، کارێک دەکەن ئەو فۆرمە مۆدێرنەی دەسەڵات (حیزب) هەر زوو ببێتە دەزگایەکی عەسکەری و جاسوسی و تیرۆرکردن بێئەوەی هیچ ڕەهەندێکی گرنگی دیکەی هەبێت. دیارە ئیتر خێڵ بە مانا تەقلیدییەکەی توانای کۆکردنەوەی خەڵکی نامێنێت، لەم دنیا تازەیەشدا چیتر سەرەک خێڵەکان لەگەڵ یەکدا ناچنە ناو هیچ کۆنفدراسیۆنێکی هاوبەشەوە، بەشێکی دەسەڵات دەگوازرێتەوە بۆ نوخبە تازەکانی ناو شار، کە لە نوخبەی کۆنی مەلاکان خوێندەوارتر نین، بەڵام نوێتر و زمانبازتر و پڕ موژدەترن. ئەو نوخبە تازەیەی لە شارەکاندا گەورەدەبێت، خۆی بە گرنگتر و خوێندەوارتر و گەورەتر دەزانی و هەر واش خۆی بە کۆمەڵگا دەفرۆشێتەوە، واتە نوخبەی حیزبی هەر لەسەرەتاوە بە فووتێکردنی وەهمی و بە خۆ بەزلزانییەکی نابەجێوە دێتەپێشێ کە دواتر لە تەواوی مێژووی سیاسیدا رەنگدەداتەوە و بە ئاسانی وەردەگەڕێتە سەر نرجسییەتێکی فاشیستی کە تەنیا خۆی و چواردەوەری خۆی دەبینێت. ئەم دابەشبوونە لە بری ئەوەی کۆمەڵگا نوێبکاتەوە و فیکری نوێی بۆ بهێنێت، لەت و پەتتری دەکات و  ململانێ سادە و بێڕەهەندەکانی سەر دەسەڵات توندتردەکاتەوە، بەجۆرێک دەوڵەتە مەرکەزییەکان بە ئاسانی دەتوانن یاری بە پارچە بچوک و کەرتە وردەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی بکەن و لە ناو ئەو نوخبە بهێز و بێفیکر و بێ کاراکتەرانەدا یاریبکەن و بەش بەش و پارچە پارچە وەک داشی شەترەنج بیانجوڵێنن، بە جۆرێک دواتر کۆکردنەوەی ئەم پارچانە دەبێتە کارێکی سەخت.
بەڵام ئەم وەهمی خۆبەگەورەبینینەی حیزبی کوردی لە کوێوە دێت، کە بە هەموو حیسابێک دەزگایەکی مێژوویی سەرنەکەوتوو و فاشیلە و هەتا لیاقەت و هێز و کاراکتەری ئیمارەتە کوردییە کۆنەکانی سەدەی حەڤدە و هەژدە و نۆزدەی نییە?
حیزب لە چرکەساتێکدا سەرهەڵدەدات کە فۆرمی قەبیلە لەوە بچوکترە بتوانێت یەکەی گەورەتر لە خۆی بسازێنێت، بەڵام لەوەش بەهێزترە بتوانێت تێکبشکێت و بتوێتەوە، فۆرمی دەوڵەتیش لەوە دوورترە کورد بیگاتێ. ساتێکە کۆمەڵگای کوردی لە قەبیلە ترازاوە و ناشتوانێت بگات بە دەوڵەت، نەدەتوانێت لە خێڵ ئازادبێت و نەدەتوانێت بیرۆکەی دەوڵەتیش لەسەری خۆی دەربکات، ساتێک بە هەموو پێوەرێک، زەمەنی تێکچوونێکی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی قووڵە. بەوەشدا فۆرمی دەوڵەت نامومکینە و فۆرمی خێڵ لەوە بچوکترە کۆمەڵگا کۆبکاتەوە، جۆرە بونیادێکی دەسەڵات دروستدەبێت کە هەموو سیفەتەکانی خێڵی هەیە، بەڵام دەیەوێت لە خێڵ بەرفراوانتر بێت، تاکە شتێک لە خێڵدا تێیدەپەڕێنێت بەرفراوانی و کرانەوەکەیەتی، واتە مەرجەعی وەفاداری و دەروەستی بە ڕەچەڵەک و خوێن و ئەسڵ و فەسڵەوە گرێنادرێت، بەڵکو بە وەفاداری بۆ فۆرمێکی گەورەتر دەیپێوێت، کە پەیمانی گەورەتر  لە پەیمانەکانی پێشوو بە خەڵک دەدات. نوشوستی حیزب هەر لە سەرەتاوە نوشوستییەکی دوو دیوە، بەسەرێک دەیەوێت شوێنی خێڵ بگرێتەوە و ناتوانێت، دەیەوێت بۆشایی دەوڵەت پڕبکاتەوە ناتوانێت، حیزب دەرکەوتەی قەیرانێکی مێژووییە و لەگەڵ دەرکەوتنیدا قەیرانەکە نەوەک چارەنابێت بەڵکو ڕەهەندی ترسناکتر وەردەگرێت. حیزب لەم هاوکێشەیەدا و لەگەڵ دروستبوونیدا تووشی تەوەهمێکی ترسناک دەبێت، بەسەرێک پێیوایە خێڵەکان و هێز و سیستمی وەلایان بوون بە بەشێک لە ئەو، بە لایەکی تریش خۆی وەک فۆرمێکی ناکامڵ و بەرجەستەبوونێکی سەرەتایی دەوڵەت سەیردەکات، لەوەش ترسناکتر خۆی بەو پنتە دەزانی کە رۆحی نەتەوە لە ناو رۆحی سەرکردە و ئەندام و شەهیدەکانیدا بەرجەستە بووە، ئەم زنجیرە لە تەوەهوم، ئەو هەستە کە ئەو کۆکەرەوەی هەموو دژەکان و شوێنی هاتنەدی هەموو خەونەکانە بە بچوکی، وادەکات حیزب خۆی وەک یەکەیەکی ناوازە، وەک هێزێکی سەربەخۆ، زۆرجاریش وەک قەوارەیەکی موقەدەس ببینێت. واتە حیزب تەنیا نابێت بە هەڵگری پرۆژەی خورافی، بەڵکو وێنەیەکی ئەفسانەیی نادروستیش لەسەر خۆی دروستدەکات، کێشەکەی هەر ئەوە نییە ڕوانینی لەسەر دونیا هیچ کات ڕوانینێکی زانستی و عەقڵانی نییە، بەڵکو مەترسییە گەورەکە کە حیزب دەگۆڕێت بۆ خێڵێکی فاشیستی خاوەن گاڕان، ئەو وێنە هەڵەیەیە کە لەسەر خۆی دروستیدەکات. حیزبی کوردی لەسەر ڕاستییەکی تاڵ دروستبووە، ئەوەیە کە هێزێکی بچوکی لۆکاڵە، بەڵام دان بەم بچوکی و سنووردارییەی خۆیدا نانێت و خۆی بە نوێنەری تەواوی کۆمەڵگا دەزانێت، خۆی بە بەرجەستەبوونی ڕۆحی نەتەوە دەبینێت، خۆی بە شێوە دەوڵەتێکی بچوک دەبینێت کە تەنیا شتێک بیگەێنێتە کەماڵ خۆگەورەکردنە، بڵاوبوونەوە و رۆچوون و داگیرکردنی پانتایی زیاترە . بازدانی یەکەم بەسەر هەقیقەتدا لەو کاتەدایە کە حیزب خۆی وەک یەکخەرەوە و نوێنەر و سەرکردەی تەواوی کۆمەڵگا سەیردەکات و دوژمنەکانی خۆی بە دوژمنی نەتەوە ناوزەددەکات. ڕیشەکانی ئەم تەوەهومە لەوەدایە کە حیزب بێئەوەی بتوانێت بەسەر ڕۆحی ناوچەگەری و ئیقلیمچێتیدا سەربکەوێت، بێئەوەی ئیشی لەسەر مۆدێرنیزەکردنی کۆمەڵگا کردبێت، بێئەوەی زەمینەی ڕۆحی و کولتووری بۆ یەکخستنی کۆمەڵایەتی فەراهەمکردبێت، بێئەوەی توانیبێتی بەسەر تەماحی بچوک و فیوداڵیانەی سەرکردە کورتبینییەکانی خۆیدا سەربکەوێت، بێئەوەی ئەندامە بەرزەکانی ئەخلاقی سەرۆک خێڵیان تێپەراندبێت، بێئەوەی زمانێکی دۆزیبێتەوە بتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگادا قسەبکات، بێئەوەی چەمکی وەلا و وەفاداری لە چەمکێکی عاتیفییەوە کردبێت بە چەمکێکی عەقڵانی، بێئەوەی سەرەتایەکی بۆ جیهانبینییەکی تیوریی لەسەر دونیا داڕشتبێت، بێئەوەی ڕاستگۆیانە بیەوێت وەک نوێنەری هێزێکی تایبەتی کۆمەڵگا کاربکات، کۆمەڵێک دروشمی عمومی لەسەر نەتەوە و دیموکراسییەت و فۆرمی حوکم بەرزدەکاتەوە کە هیچ کات لە دروشم تێناپەڕن و ڕەهەندێکی دیکە وەرناگرن. ئەم جۆرە لە ڕوانین بۆ خود کە پڕە لە نیشانەکانی عەقڵی سەرەتایی، پڕە لە ڕەگەزی دینی و موقەدەس، وادەکات حیزب خۆی بە دیاردەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی نەبینێت، بەڵکو چۆن خێڵ زادەیەکی سروشتی کۆمەڵگای سەرەتاییە، حیزبیش خۆی وەک دیاردەیەکی سروشتی، پیرۆز، هەمیشەیی، نەمر تەماشابکات، بە مانایەکی تر خۆی وەک ئاڕاستەکەری مێژوو ببینێت، هێزێک کە لەسەروو لێپرسینەوەی مێژووییەوەیە، هێزێک کە سروشتییە نەوەک کاتی، ئەبەدییە نەوەک ڕاگوزەر. ئەم هەستە حیزب بەرەو دابرانی تەواوەتی لە کۆمەڵگا دەبات، بەرەو لە دایکبوونی نوخبەیەکی ئەرستۆکرات کە هیچ ئیلتیزامێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی هەڵناگرن و بایەخێک بە قوربانیان و ئامانجەکانیان نادەن، نوخبەیەک کە حیزب دەگۆڕێت بۆ دەزگایەکی سەربازیی و جاسوسی، بە ئامێرێکی خەساندنی کۆمەڵگا، بە قەڵغانی خۆپاراستنی تاقمێک کە لەسەروو یاسا و لێپرسینەوە و سزاوە دەوەستن، لەگەڵ هەموو ئەو تاوانانەشدا کە هەیە و ئەم نوخبەیە دەیکەن هیچ کات و هیچ یەکێکیان هیچ یاسایەک نایانگرێتەوە، واتە نەوەک خۆیان بە بەشێک لە کۆمەڵگا نابیین، بەڵکو پەرێزێک «حصانة» ێکی موبارەک لەدەوری خۆیان دادەنێن، کە ئیتر هیچ یاسایەکی دونیایی نایانگرێتەوە، بە جۆرێک لێپرسینەوەیان دەبێت بە شتێکی خەیاڵی، واتە دەبنە داهێنەری جۆرێکی نوێ لە قودسییەت کە دەیانجار لە قودسییەتی دینی بەهێزتر و نامرۆڤانەترە.
ئەم دیاردانەو و دەیانی تر دەریدەخەن کە ئەم فۆرمە تازەیە (حیزب)، فۆرمێکی ئیفلیجە کە هێندەی لە ڕێگای فووتێکردنی عاتیفییەوە درێژە بە دەسەڵاتی نوخبە فاشییەکەی سەرەوەی خۆی دەدات، پەیوەندییەکی تری بە کۆمەڵگاوە نییە. ئەم هێزانە جگە لەوەی خەیاڵ و عاتیفە بجوڵێنن هیچ شتێکی تریان بە ئاقاری پۆزەتیڤ  نە لە کۆمەڵگا و نە لە مێژوودا بۆ ناجوڵێت، تاکە چەکێک کە قەوارە کوردییەکان لە مێژووی خۆیاندا ئیشیان پێکردوە فووکردنە عاتیفە بووە، ئەوەش وایکردوە مێژووی کورد بەردەوام یەک شێوە بێت، هەڵچوونی کتوپڕ و حەماسەتی پڕ ژاوەژاو و دواتریش پاشەکشەی خێرا و شکستی گەورە و شەرمنانە.
حیزبی سیاسی بە مانا گشتییەکەی  (نەک مانا کوردییەکەی) دەزگایەکی دروستکردنی هوشیارییە کە لەسەر گەیاندنی هوشیاریی ئیشدەکات، لەسەر بنەمای وردبینی و هەبوونی زانیاریی و بەپێی جیهانبینییەکی دیاریکراو دادەمەزرێت کە مەبەستی گۆڕانکاریی پلان بۆ کراو و بەرنامەڕێژە، بەڵام گەر دەزگایەک تەنیا کەرەستەی  خرۆشاندنی عاتیفی و بەهێزکردنی گیانی جەنگجویی و ئاگردانی گیانی شەڕانگیزی بێت لەوە دەکەوێت حیزب بێت و دەبێتە جۆرە خۆڕێکخستنێی فاشیستی کە جگە لە گەورەکردن و فووکردنە هەستی خۆی بە دەسەڵات، ستراتیژی تری نییە. هەموو هێزە کوردییەکان بەر لەوەی ئیش لەسەر فیکر و کۆمەڵگا بکەن بێئەوەی هیچ تەفسیرێکی تیوری و زانستیان بۆ دۆخی مێژووی هەبێت، بە دروشمی گەورە گەورە و بە ختوکەدانی عاتیفە و بە جوڵاندنی حەماسەت، بە خرۆشاندنی ڕق لە دژی هەموو هێزەکانی تر، بە تیرۆر و لێدان و بەلاوەنان و بێدەنگکردن، بە شەڕهێنانە ناو ماڵی کورد خۆی، بە دەرکردنی لیستێک بۆ چاکان و خراپان، بۆ خائینان و نیشتیمانپەروەران دەست پێدەکەن و درێژە بە مێژووی خۆیان دەدەن، کێشەکەیان بەر لەهەر شت دیاریکردنی فۆرمی دەسەڵاتی خۆیانە نەوەک فۆرمی کۆمەڵگا... لە مێژووی سەدەی بیستی کورددا هەتا یەک هێزیشمان نییە لەم شێوەیە دەربازیبووبێت، ئەوانەی چاو لەو ڕاستییە دادەخەن و ئەم بۆچوونە بە تەعمیم و گشتگیری دەبینن هەواداری کوێری ئەو هێزانەن کە نایانەوێت ئاوێنەکە بگرن بە دەستەوە و دەموچاوی ڕاستەقینەی خۆیان ببینن. ئەوەی پێیدەگووترێت حیزبی کوردی، قەوارەی سیاسی کوردی، جگە لە مەکینەیەکی دروستکردنی هەڵچوونی عاتیفی هیچی تر نییە و نەبووە، کە بەرزکردنەوە و نزمکردنەوەی گێچی ئەم مەکینەیە لە دەستی نوخبەکەی سەرەوەدایە کە بەشێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە، بەڵام لێزان و ترسناک گاڕانە مەست و بێهۆش و بێهوشیارییەکانی ژێرخۆیان دەجوڵێنن.
بە کورتی حیزبی کوردی لە چرکەساتی دروستبوون و شێوەگیری فۆرمە سەرەتایی و یەکەمییەکانەوە، لەسەر دروشمی وەهمی ئیشیکردوە،  بەدرێژایی مێژوو دروشمی حیزبی کوردی پەیوەندییەکی بە توانا و ئەگەری واقعییەوە نەبووە، هەمیشە وەهمە ئایدۆلۆژییەکەی، هەمیشە ئەو پەیمانەی وەک تلیاک داوێتی بە ئەندامەکانی گەورەتر بووە لە توانای خۆی، بوونی خۆی لەسەر پرۆژەگەلێک بونیادناوە کە نەیتوانیوە لە ئاستیاندا بێت، بۆ نمونە سەرۆکی حیزب سەرۆکی خێڵێک بووە کە نەیتوانیوە لەگەڵ عەشرەتەکەی تەنیشتیدا بگونجێت، کەچی ئیدیعای سەرۆکایەتی هەموو بەشەکانی کوردستان و نوێنەرایەتی هەموو کوردی کردوە. چەند نیمچەخوێندەوارێکی شارێک یان شارۆچکەیەک بوون کە لە کۆڵانەکەی خۆشیاندا نەناسراون، کەچی جاری دروستکردنی ڕێکخراوی کرێکارییان بۆ سەرتاسەری عێراق داوە. ڕێکخراوێک بوون توانای دەرکردنی ڕۆژنامەیەکییان نەبووە، کەچی ئیدیعای گۆڕانی مێژوویی و فیکری و ئابووری و ریفۆرمی سیاسیان کردوە. گەر مێژووی هاوچەرخی کورد بخوێنینەوە پڕە لەوجۆرە نمونانە کە حیزب بۆئەوەی رێگای تر تاقی نەکرێتەوە، بۆئەوەی کۆمەڵگا خۆی لە ناوەوە هێزە ناوەکییەکانی ئەکتیڤ نەکات، گروپێکی بچوکی پۆپۆلیست خۆیان وەک هەڵگری چارەسەر و خاوەنی تریاقی نەجات نیشانداوە. خۆدەرخستن وەک پێغەمبەری ڕزگاریی وایکردوە فیکرەی نەجات و ڕزگاری «خلاص» ڕەهەندێکی دینی فاشیستی وەربگرن، کە تێیدا حیزب بەبێ ئیشکردنی ڕاستەقینە لەسەر خودی واقع ، خۆی وەک هەڵگری بیرۆکەی نەجاتێکی میتافیزیکی بە کۆمەڵگا بناسێنێت. ئەم بیرۆکەی رزگارکردنە پەیوەندییەکی بە خودی ڕزگارییەوە نییە، بەڵکو جۆرە چاندنێکی هەستکردنە بە دەسەڵات، جۆرە هەوڵێکە بۆ خۆبینین وەک بوونەوەرێکی گەورە، وەک زەعامەتێکی ترسناک و مێژوویی، واتە مۆتیڤی پشتی بە خواستێکی کوێری خۆ بە بەهێزبینینەوە گرێدراوە. ئەوەشی ئەلف و بای فاشیزم بزانێت دەزانێت ئەم هەستە بزوێنی هەموو شێوە ترسناکەکانی فاشیزمە. «ماویەتی»



کتێبەکان