سەرەتا

جیهان نەبینی زنجیرەگووتارێک دەربارەی ڕیشەکانی تێنەگەیشتن لە دونیا بەشی سێ

 

 

جیهان نەبینی زنجیرەگووتارێک دەربارەی ڕیشەکانی تێنەگەیشتن لە دونیا

بەشی سێ

 

 

حیزب وەک دەزگایەکی سەربازیی
حیزبی کوردی لە سەرەتای دروستبوونییەوە لەسەر  خەون و بەرنامەی واقعی دروست نەبووە، ئەو شتەی پێیدەڵێن پۆپۆلیزم، شتێکی جەوهەرییە لە زۆربەی حیزبە کوردی و رۆژهەڵاتییەکاندا. شۆڕشی چەکدار لە مێژووی کورددا درێژکراوەی ئەو دیوە ناواقعی و پلانە خورافیانەیە کە لە سەرەتاوە حیزبی لەسەر دروستبووە.   دەستبردن بۆ خەباتی چەکدار، لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستدا کولتوورێکی جیهانی بوو، شۆڕشی چەکدار لە هەموو لایەکدا ئاگریدەسەند، هیچ یەکێک لەم شۆڕشانە دەرەنجامی زۆر گەورە و ئازادی ڕاستەقینەیان لێ نەکەوتەوە، ئەو سیستمانەی دوای سەرکەوتنی هەندێک شۆڕش دامەزرانێنران باشتر نەبوون لە سیستمە کۆنەکان، بەڵام دەبێت بزانین کە هەلومەرجی تایبەتی هەر شۆڕشێک پەیوەندییەکی گرنگ و ئۆرگانی بە فاکتەرە ناوخۆییەکانەوە هەیە، ڕەنگە شۆڕشەکان هەموو لەیەک بچن، بەڵام هۆکارەکان و ژینگەکان لە یەک ناچن. نوشوستی حیزبی کوردی لە بوون بە حیزبدا، هۆکارەکانی جودان لە هەمان نوشوست لە شوێنەکانی دیدا.  بۆ نمونە حیزبی کوردی هەر لە بنەڕەتەوە دەزگایەکی عەقلانی نەبووە، واتە دەزگایەک لەسەر سیستمێکی پەیوەندی عەقلانی بە کۆمەڵگاوە دامەزرابێت، ڕاستە رۆشنبیرانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست، ڕۆڵێکی گرنگیان لە دامەزراندنی حیزبە سەرەتاییەکاندا بووە، بەڵام فەقیری خودی ئەم دەستە رۆشنبیرە لە ئاستی رۆشنبیریی و فیکریدا بەجۆرێک بەرچاو و کارەساتاوەییە کە دواتر بە شێوەیەکی تراژیدی بە مێژووی حیزبیشدا شۆڕ دەبێتەوە. نوشوستی حیزب لە بوون بە حیزبدا، پەیوەندییەکی پتەوی بە نوشوستی رۆشنبیری کوردەوە هەیە لە بوون بە ڕۆشنبیردا.    شەری چەکدار لە مێژووی سیاسی کوردیدا دەرەنجامی وێرانکەری هەبووە، لە هەموو دەرەنجامەکان ترسناکتر لاوازبوونی کۆمەڵگای مەدەنی و مرۆڤی سڤیلی کوردە لە مەیدانی سیاسیدا، خەباتی چەکدار بە توندی سیاسەت دەخاتە ژێر ڕکێفی دەستەیەکی بچوکەوە و لە پلان و پڕۆژەی کۆمەڵایەتی دووریدەخاتەوە.  خەباتی چەکدار، جگە لە هۆکارە زانراو و ڕاگەیاندراوەکانی،  دوو ریشەی سەرەکی دی هەیە، یەکێکیان ئەو ڕیشە مێژووییەیە کە حیزب بە کولتوری خێڵە کۆنەکانەوە دەبەستێتەوە، خێڵە کوردییەکان بە گشتی خێڵی جەنگاوەربوون، بەردەوام لەسەر سنوور و دیاریکردنی قەڵەمرەوی خۆیان لە پێکداداندا بوون، ئەمە وایکردوە وێنەی دەسەڵات و فۆرمی دەسەڵات لە ناو کورددا، فۆرمێکی پارچە پارچە بێت، پێکهاتی خێڵەکی کولتوورێکی پێشینە و زەمینەسازییەکی مێژوویی بۆ پارچە پارچەبوون ئامادەکردوە، بەڵام جگە لەم ریشە مێژووییە، هۆیەکی گرنگی دیکە کە حیزب فۆرمی چەکدار وەک تاقە فۆرمی خەبات هەڵدەبژێرێت، نوشوستی ڕۆشنبیرانی ئەم حیزبانەیە لە بەرهەمهێنانی ستراتیژێکی نوێی پەیوەندی بە مێژوو و کۆمەڵگاوە.  ئەو هەیئەتانەی لە سەرەتاوە حیزب دروستدەکەن توانای ئیشکردنیان لە ناو کۆمەڵگا و لەسەر مرۆڤ و لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤ نەبووە، واتە لەسەر زەمینەیەکی واقعی ئیشیان نەکردوە کە لە ڕووی پراکتیکییەوە بتوانن شیاو لە نەشیاو و کراو لە نەکراو و ئەگەر لە نائەگەر جیابکەنەوە، ئیشکردن لە سەر مرۆڤ و لەسەر هوشیاری ئینسانەکان و لەسەر کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییە وردەکان، بوار بۆ خەیاڵپڵاو و پۆپۆلیزم ناهێڵێتەوە، لێرەوە جیاکردنەوەی خەباتی سیاسی لە خەباتی کۆمەڵایەتی یەکەم کارەساتی گەورە بووە کە کورد لە نیوەی یەکەم و سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا تووشی هاتووە، کارەساتێک کە زەمینەیەکی گەورە بۆ جیهان نەبینی ئەمڕۆ سازدەکات. فۆرمی شەڕی چەکدار، ئەو فۆرمەیە کە دەکرێت هەموو یۆتۆپیایەکی لێ باربکرێت، چەکهەڵگر پێیوایە بە هێزی چەکەکەی دەتوانێت مێژوو، واقعی کۆمەڵایەتی، هاوکێشە سیاسییە گەورەکان بگۆڕێت.  تیورەی تیشکۆی شۆڕشگیر لای جیڤاریستەکان نمونەی ئەو تێڕوانینە ناعەقڵانییەیە کە پێیوایە گروپێکی چەکداری بچوک دەتوانێت هەموو کۆمەڵگا لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە و گۆڕانکاری رادیکال پیادەبکات. لێرەدا خودی خەباتی چەکدار دەبێتە هەڵگری هەموو جۆرە پەیمانێکی خوارفی، بە پێی ئەم خوارفەتە گروپێکی چەکداری دوور لە واقعی ئابوری و کۆمەڵایەتی دەتوانن ئاسان هەموو جۆرە پەیمان و موژدەیەکی بەتاڵ ببەخشنەوە، ئەمجۆرە فۆرمە شێوەیەکی گونجاو بوو بۆ ئەو رۆشنبیرانەی کە لە بری شیکار و خوێندنەوەی ورد و تۆژینەوەی کۆمەڵایەتی و فەلسەفی تەنیا دروشم و پەیمان و ئومێدی درۆیان سەوز دەکرد.  حیزبی کوردی هەر لە بنەڕەتدا ریشەیەکی ترسناکی جیهاننەبینی لە ناخیدایە، نە وێنەیەکی ڕوونی لە سەر کۆمەڵگای کوردی هەیە، نە بەرنامەیەکی هەیە چۆن لەگەڵ هەمە ڕەنگی ئەم کۆمەڵگایەدا مامەڵەبکات، نە توانای بڵاوبوونەوەی لە ناوچە جیاواز و هەرێمە جیاوازەکاندا هەیە، نە لەگەڵ گروپێکی ڕوونی کۆمەڵگا و چینێکی دیاریکراودا خەبات دەکات، بە جۆرێک ڕۆشنبیرانی ئەم حیزبانە هەر زوو لە دەست لاوازی خۆیان وەک رۆشنبیر، لە دەست بێتوانایی فیکری و فەرهەنگی خۆیان بەرەو ناو حیزب هەڵدێن و لەوێدا فەقیری فیکری و عەقڵی خۆیان بە خەباتی سیاسی و بە لولەی چەکەکانیاندا هەڵدەواسن. شاخ ئەو جێگایەیە کە نوخبەی سیاسی دەتوانێت خەون و خەیاڵپڵاوی سیاسی تێدا دابرێژێت بێئەوەی بە فیلتەری کار و پراکتیکی کۆمەڵایەتیدا ڕۆیشتبێت.  
فۆرمی چەکدار لە ڕووی مێژووییەوە گورزی گەورەی لە ئێمە وەشاندوە. ترسناکترین گورزیان ئەوەیە کە سیفەتی رۆشنبیر لە بەردەم سیفەتی شۆڕشگێر و خەباتگێڕدا پاشەکشەیەکی گەورەدەکات. رۆشنبیر دەبێتە ئەو مەخلوقەی کە تەنیا ئەو کات بوونەوەرێکی تەواوە کە شۆڕشگێڕ بێت، بەجۆرێک لەم هاوکێشەیەدا خودی ڕۆشنبیربوون دەبێتە شتێکی فۆرمال و کڵێشەیی و بەسە کەسانێک بخوێننەوە و بنوسن و زمانبازبن تا نازناوی ڕۆشنبیر هەڵبگرن، ئەم شێواندنە مێژووییە تا ئەم ساتە بە قووڵترین شێوە بەردەوامە، لێرەدا نوخبەیەک دروستدەبێت  کە جارێک تەوەهومی ڕۆشنبیربوون لە واقعی دادەبڕێت و جارێکی دیش ئەوەی وەک گروپێکی چەکداری بچوک خۆی جیادەکاتەوە بۆئەوەی واقع بگۆڕێت، بەوەش دابڕانەکەی دەبێتە دابڕانێکی دووقات.  لێرەدا سیفەتی ڕۆشنبیربوون، قارەمان بوون، بەجۆرێکی سەیر تێکەڵاودەبن، نوخبەی سەرەوە بە حوکمی ئەوەی خۆی بە ڕۆشنبیر، بە هەڵگری پەیام، بە قارەمان و بە شۆرشگێڕ دەزانێت، خۆی لە دۆخێکی نائاسایی و باڵادا دەبینێتەوە، ئەم تەوەهوم و خەیاڵپڵاوەی نەوەی یەکەم لە رۆشنبیرانی کورد تا ئەمرۆ درێژبۆتەوە، تا ئەمڕۆ رۆشنبیرانی کورد لە وەزیفەی فیکری خۆیان هەڵدێن بۆئەوەی بەرگی شۆڕشگێڕ و قارەمان و ڕزگارکەر لەبەربکەن، ئەم دۆخەی ئەمڕۆ لە رۆشنبیریی کوردیدا تێیدا دەژین جیاوازییەکی جەوهەری و ڕادیکالی نییە لەگەڵ ئەو دۆخەدا کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا باو بوو، رۆشنبیرانی کورد هەمان ئەو گەمەیە دەکەنەوە کە لە سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی بیستدا کردویانە، خۆنیشاندان وەک شۆڕشگێڕ بۆ خۆدزینەوە لە شیکاری جدی و کارکرن لەسەر هوشیاری.
ئەم زەمینەیە ئەو سەرەتا ترسناکە ئامادەدەکات کە دواتر دەبێتە مایەی ئەوەی حیزب کورتببێتەوە بۆ ئەو دەستە بچوکەی سەرکردایەتی کە هەیئەتێکی ئەرستۆکراتی نەخۆش و دابڕاو لە کۆمەڵگا و لە دونیا دادەمەزرێنن. 
ئەم کێشەیە هەڵەیەکی ترسناک و کوشندەی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەو هەڵەیەی کە «واقع» و «واقعی سیاسی» تێکەڵاودەکات یان گۆڕینی واقعی سیاسی بە گۆڕینی ئۆتۆماتیکی واقع تەماشادەکات. گروپی چەکدار دەزانن کە واقع بە چەک ناگۆڕدرێت، ئەگەر شتێک بگۆرێت ئەوە واقعی سیاسییە نەوەک خودی واقع. تێکەڵکردنی واقع و واقعی سیاسی بە یەکتر کە ئەمڕۆ بە جۆرێکی تراژیدی لە ناو کایەی سیاسی و ڕۆشنبیریدا دەیبینین دەگەرێتەوە بۆ ئەو سەردەمە.  وەرگەڕانی حیزب بۆ گروپێکی چەکدار وایکرد تەواوی پرۆسەی گۆڕان لە دەستکاریکردنی دەموچاوی دەسەڵاتداردا کورت ببێتەوە، لەم ساتەدا ئەو وەهمە سەر هەڵدەدات کە کۆنترۆڵکردنی کایەی سیاسی لە رێگای هێزەوە بەسە بۆ کۆنترۆڵکردنی واقع، حیزب تەنیا هێزی پێویستە، ئەوەی لە هێز دەمێنێتەوە تەنیا ئەکسسوار و دیکۆرە. ئەم دۆخە وادەکات بەشی سەرەوەی حیزب و هێزی سەرکردە باڵاکان بە جۆرێکی شێرپەنجەیی گەورەببن.  دەمێک گۆڕانکاری تەنیا بە مانای بەهێزبوون و نمایشی هێز و کۆنترۆڵی زیاتر و زیاتر بێت، نوخبەی سەرەوە بەرەو ئەوە دەچن کە زیاتر و زیاتر سروشتی فیکری خۆیان ونبکەن و ببن بە هێزێکی چەکدار و کۆنترۆڵکەر. لێرەدا ئاشکرایە کە حیزب تا دێت بەرەو فۆرمی خێڵ دەکشێتەوە، خێڵ یەکەیەکی کولتوری، سەربازی، ئابووری تا ئەندازەیەک داخراوە، حیزبی کوردیش لە مێژووی خۆیدا یان خێڵ بووە لە فۆرمی حیزبدا گەشەی بە قەڵەمرەوی خۆیداوە وەک لای «پارتی» دەیبینین کە لە بنەرەتدا خێڵێکە حیزب بە کاردەهێنێت بۆ گەشە و بەربڵاوی وزیادکردنی قەڵەمڕەوی دەسەڵات، یان حیزبێکە لە رەوتی گەشەی خۆیدا بەرەو فۆرمی خێڵ، فۆرمی یەکەیەکی سەربازی، ئابووری، ناوچەگەرا گەشە دەکات، وەک لای «یەکێتی نیشتیمانی»  و زۆربەی حیزبەکانی تر دەیبینین کە فۆرمی حیزب هێدی هێدی بەرەو فۆرمی خێڵی دەگەڕێتەوە.
بە کورتی بۆئەوەی لە ئەمرۆ تێبگەین، گرنگە ریشە مێژووییەکانی لە سەرەتا و ناوەراستی سەدەی بیستدا بزانین. حیزب سەرەتا داهێنانی رۆشنبیران بووە، بەڵام ئەو رۆشنبیرانەی کە نەیانتوانیوە وەزیفەی رۆشنبیر جێبەجێبکەن، ئەو ڕۆشنبیرانەی ڕۆڵی ڕۆشنبیریان بۆ ڕۆڵە سیاسییەکەی کورتکردۆتەوە، رۆڵی رۆشنبیران لەوەدا کورتکردۆتەوە کۆمەڵێک دروشم بۆ خەباتی حیزب بتاشن و هەندێک پەیرەوپرۆگرام کۆپیبکەن و لەو رێگا بێڕۆح و مردوەوە وەک نوخبەیەکی کۆمەڵایەتی نوێ، جێگا بە سەرۆک عەشایەرە دێرینەکان لەقبکەن. پرسیارێکی گرنگ لێرەدا بیکەین ئەوەیە، بۆ ئەم حیزبانە جگە لە دروشمی سیاسی گەورە وەک «ڕزگارکردنی نەتەوەی کورد، یەکگرتنەوەی چوارپارچەی کوردستان، دامەزراندنی سۆسیالیزم . . . هتد» بەولاوە بەرنامەی راستەقینەی کۆمەڵایەتیان نەبووە کە بە جیدی کاری بۆ بکەن، بۆ مۆبیلکردن و ئامادەکردنی خەڵک هەمیشە بۆ ئەو دروشمە دوورانە بووە کە پتر سروشتێکی یۆتۆپیان هەیە، بۆ هیچ کات شتێک نەبووە ناوی ئیشکردن بێت لەسەر کۆمەڵگا و تاک خۆی? شتێک نەبووە پەیوەندی بە ژیان و کێشەی گروپ و توێژ و تاقمە  کۆمەڵایەتییەکانەوە هەبێت?.
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ڕاستییەکی گرنگ هەیە دەبێت بیزانین. ئەم نوخبەیە خۆی زادەی گەشەی فۆرمی دەوڵەتە مەرکەزییەکان بووە، زادەی مۆدێرنیزەکردنی سیستمی خوێندن و سیستمی وەزیفەی سەربازی و سیستمی دادگا و سیستمی بەڕیوەبردن بووە، واتە خۆی چینێکی کۆمەڵایەتی گەشەکردو نەبووە، کە بوونێکی ئۆرگانی لە ناو هەناوی کۆمەڵگای کوردیدا هەبێت. لەگەڵ لاوازبوونی سیستمی فیوداڵیدا، لەگەڵ پەرت پەرتبوونی فیوداڵەکاندا و لە دەستدانی پێگەی ئابووریان، ئەمانە تاکە نوخبەیەک بوون کە لە ژێر سایەی مۆدێرنیزەکردندا لەدایکبوون، زۆربەیان ئەو خوێندەوارانە بوون کە لە میترۆپۆلە گەورەکانی ئەو سەردەمەدا، لە شارگەلی وەک بەغداد و تاران یان دەرەوەدا خوێندویانە، نوێنەری هێزێکی بەرهەمهێنی کۆمەڵایەتی نەبوون، نوێنەری چینێکی ئیشکەر نەبوون، پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەهێزیان نەبووە، بەڵکو ئەو سەردەمە چ خەون و خەیاڵێکی سیاسی دروستکردبێت و چی چاندبێت ئەوەیان مەسرەفکردوە. واتە ئەمانە نە بورژوازی نیشتیمانی بوون، بە جۆرێکی نوێی بەرهەمهێنانی ئابوورییەوە گرێدرابن، نە رۆشنبیری گرێدراو بوون بە چینێکی کۆمەڵایەتی ئەکتیڤەوە. زادەی وەرگەڕانی خودی دەوڵەت بوون، بۆ دەوڵەتێکی مشەخۆر و دابڕاو. نوخبەیەک بوون جێگایان لە نێوان دونیای کۆن و دونیای مۆدێرندا پایەیەکی گرنگی پێبەخشیبوون، لە مەلای گوندەکان زاناتربوون و لە دەرەبەگە کۆنەکان زیاتر ئاگاداری دونیا بوون، بەڵام نە وەک مەلاکان ئایدۆلۆژیایەکی ڕوونیان هەبووە بەرچاویان ڕۆشنبکاتەوە، نە وەک فیوداڵەکان ڕیشەی کۆمەڵایەتی پتەویان هەبووە، نوخبەیەکی بێکاراکتەر کە تەنیا لە سیاسەتدا توانیویانە بۆ شوناسی خۆیان بگەڕێن. ئەمانە جیهانبینییەکیان نەبوو زادەی دۆخی کۆمەڵایەتی خۆیان بێت کە وێنەیەکی ڕوونیان دەربارەی کۆمەڵگا پێببەخشێت، بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیان نەوەک لاوازبووە، بەڵکو کۆپیکراو و کلێشەیی بووە. بیرکردنەوەیان لە دەوروبەر بیرکردنەوەیەکی سیاسی ڕووت راوەستاوە، لێرەوە کوردیان تەنیا وەک نەتەوە بۆ گرنگ بووە، نەوەک وەک کۆمەڵگا، سەرجەمی ئیشیان ئەوە بووە بیسەلمێنن کورد نەتەوەیە، خەریکی سەلماندن و پاراستنی شوناسی کوردبوون بوون، بەڵام لە هەناوی کۆمەڵگای کوردیدا چی گوزەراوە و چی دەگوزەرێت، غەمی ئەوان نەبووە.
لێرەوە خودی جیهان نەبینی و خودی کێشەی وەرگەڕانی حیزب بۆ یەکەیەکی سیاسی ئەرستۆکراتی دابڕاو کە چیتر هیچی لە حیزب ناچێت، پەیوەندییەکی پتەوی بە سەرەتا مێژووییەکانی سەرهەڵدانی حیزبی کوردییەوە هەیە «ماویەتی».



کتێبەکان