ژیاننامە

ژیاننامە

ژیاننامە
نوسەر لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. منداڵی هەر لەوێ ژیاوە، قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی شێخ سەلام خوێندەوە و دواتر لە ناوەندی ئەزمڕ و دواناوەندی  هەڵکەوت قوتابی بووە. لە زانکۆی سلێمانی چۆتە بەشی جیۆلۆجی و کاتێک زانکۆی سلێمانی داخراوە لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر درێژەی بە خوێندن داوە . لە سەرەتای هەشتاکاندا لە خۆیشاندانی خوێندکاراندا بەشداردەبێت و بەسەختی برینداردەبێت و بەزامداری دەکەوێتە زیندانی بەعسییەکان.  هەر لە سەرەتای هەشتاکانەوە دەستدەکات بە نوسین و دەستپێکی بە شیعر دەبێت. ئەزموونەکانی زۆر سەرەتای لە بۆنەی جیاواز جیاوازدا فەوتاون. ئەمڕۆ تاکە بەرهەمی ئەو سەردەمە کە لە بەردەستی خوێنەراندا بێت، قەسیدەی درێژی نیشتیمانە. بۆئەوەی لە سوپای عێراقیدا نەبێتە سەرباز، دەچێت بۆ ئێران و نزیکی 8 مانگ لە شاری کەرەج لە کامپێکی پەنابەراندا دەژی، بارودۆخی دژواری کەمپەکە و بێهیوایی وادەکەن بگەڕێتەوە و  ماوەیەکی درێژ لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بمێنێتەوە . ئەزموونی سەختی ژیان و ململانێی بەردەوامی لەگەڵ فاشیزمی بەعس و تەسکبیری حیزبە کوردییەکان دەبن بە ئەزموون و پاشخانێکی فیکری و ڕۆحی گرنگ بۆی کە دواتر لە کۆی بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا ڕەنگ دەدەنەوە. لە ساڵانی هەشتاکاندا قەسیدە درێژەکانی وەک «شار» و «کەرنەفاڵ» و «گوناهـ» دەنوسێت. هەر لەو ساڵانەدا و لە چیاکانی سەر سنووردا و لە گەرمەی شەڕی خوێناوی ئێران ـ عێراقدا دەستنوسی یەکەمین ڕۆمانی خۆی «مەرگی تاقانەی دووەم» ئامادەدەکات. لە مانگی نۆی ساڵی  1989 دا یەکەمین بەرهەمی لە ڕۆژنامەیەکی ئەو سەردەمەدا بڵاودەبێتەوە.  لە ساڵی 1990دا قەسیدە درێژی عەشق دەنوسێت و لە ساڵی 1992 دا یەکەمین کتێبی خۆی «گوناهـ و کەرنەفال»  بە چاپێکی زۆر کەم و سەرەتایی بڵاودەکاتەوە. لە بیست ڕۆژی یەکەمی دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991دا لەگەڵ ژمارەیەک نوسەری دیکەدا ژمارەی یەکی گۆڤاری «ئازادی» دەردەکەن. لە پاییزی ساڵی 1991 دا یەکەمین کۆڕی خۆی بە ناونیشانی «ئازادی لە فیکری غەربیدا» پێشکەشدەکات، ساڵانی نێوان 1991 بۆ 1994 ساڵانێکی پڕ لە نوسین و کۆڕ و چالاکی دەبن، لەو سەردەمەوە جەنگی نوسەر دژ بە ئایدۆلۆژیای تۆتالیتار و بیرتەسکی فەلسەفی بە توندی دەست پێدەکات. لە ساڵی 1996دا لەگەڵ هەمان ڕۆشنبیرانی گروپی گۆڤاری ئازادیدا، گۆڤاری ڕەهەند دادەمەزرێنێت. لە ساڵی 1998 دا ڕۆمانی ئێوارەی پەروانە بڵاودەکاتەوە. ئیدی لەو کاتەوە خۆی بە تەواوی بۆ کاری نوسین تەرخاندەکات، تا ئێستا ژمارەیەک کتێبی شیعری و ڕۆمان و بەرهەمی فیکری نوسیوە. لە ساڵی 1989 وە تا ئەمڕۆ لە بەشی هەرە زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا نوسینی بڵاوکردۆتەوە . ئێستا چەندین ساڵە لە ئەڵمانیا لە شاری کۆڵن دەژی. 

کتێبەکان